ڕنوو
8.2K posts



دیالۆگ بۆ هاوکاری: کوردستان لە بەرانبەر تاوانەکانی ڕێژیمدا بێدەنگ نابێ (بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان) خەڵكی خۆڕاگری كوردستان! حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان! رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی! شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران دەچێتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. ئەم ناڕەزایەتییانە "نا"گوتنێکی ئاشکرا، بەرز و گشتیی دیکە بە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە، سەبارەت بەو هەموو نەهامەتییەی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بۆ گەلانی ئێرانی بەدیاری هێناوە. ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئێران و کوردستان ستاندنی ماف و ئازادی، گەڕاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی حاشاکردن، پەراوێزخستن، کوشتن، تێرۆر و هەڵاواردنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانە. کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ و ڕچەشکێنی ئەو "نا"گوتنە و سەنگەری هەمیشەیی و لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەروەها بە بزووتنەوەی ژینا، "ژن، ژیان، ئازادی" دەسەڵاتی دێکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی تووشی گەورەترین قەیرانی شەرعییەت لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش پێشانی دا کە ژیلەمۆی ئەو ڕاپەڕینە هەروا گەشاوەیە، بۆیەشە خۆپێشاندانەکان بە توندی سەرکوت کران و لە مەلەکشایی تاوانێکی گەورە خوڵقێندرایەوە. ئێمە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و گرتنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران کە سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئێران بووە، بە توندی مەحکووم دەکەین و بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ هاونیشتمانانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان داوای مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەکەین. کوردستان بەم مانگرتنە گشتییە جارێکی دیکە "نا"یەکی گەوەرەی تر بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەڵێتەوە و پێ لەسەر مافەکانی دادەگرێتەوە کە ئازادی، یەکسانی و مافە ڕەواکانیەتی. داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستانیش دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لە بەرانبەر تاوانەکانی كۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێ و بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن. بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی مافخوازی كوردستان! بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران! - پارتی ئازادیی کوردستان - پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران - کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران













