
خۆشەویستیت
خۆشەویستیت؛
وەک پشکۆیەکی گەشاوە،
ساڵانێکە لە ئاگردانی دڵمدا گەش و گەرم ماوەتەوە،
شنەی هەموو یادگارییەک،
دەیکاتەوە بە ئاگرێکی داگیرساو.
خۆشەویستیت ؛
لە بەفری تازە باریوی قەندیل دەچێ،
ئەو دەمانەی عاشقانە،
هێمن..هێمن،
دەتوێتەوە بۆ پڕشنگی خۆر و هەتاو.
خۆشەویستیت ؛
لە شەوی دەیجوری جوانی و ئەوین دەچێ،
ئەو وەختەی دوو دڵ تامەزرۆ
دەبنە میوانی چرایەک،
ئەو ساتەی دوو هەست،
دوو خورپە،
بۆ تا ئەبەد دەبنە رێبواری رێگایەک.
خۆشەویستیت ؛
هێندەی هاتن و رۆیشتنی وەرزی پایز،
مانادارە..
وەک نسرمی ئێوارانی،
وەک تەزینی درەختەکانی،
وەک وەرینی گەڵاکانی،
پڕ ئیلهام و جیلوەدارە..
خۆشەویستیت؛
هێندەی تابلۆی زەردوسوری پایزی پیر،
بە ویقارە.
داد لە دەست خۆشەویستی تۆ “سلێمانی”،
دەڵێی هەناری پێگەیشتوی بەربارانی نیشتیمانە و
لە حەژمەتی دووری و غوربەت سینەی درزی تێکەوتووە.
دەڵێی هەستی گڕ تێبەربوی پەڕەندەیەکی غەریبە و
بەم وەرزی بەفر و سەرمایە..
چاوەکانی، هەوریان لە ئاسمان خواستووە.
هۆشیار عەبدوڵا
زستانی ٢٠٢٦

CKB












